کاروانی پیتە کوژراوەکان

خرید بک لینک

لە ژیانی پێنووس بە دەستاندا، ژانێکی نادیاری هاوبەش هەیە کە تەنیا ئی ئەوانە و کەسێکی تر هەستی پێ ناکات. ژانی لەدایک بوونی پیتەکان، لە دوو شێوەی جیاوازی کات و ساتدا، هاواری هاتنیانە بۆ وڵاتی کاغەزەوە. یەکەمی ئەو کاتەیە کە بێداریت و لە دوای هەندێ شەڕ و پێکدادانت لەگەڵ دار و دیوار و ئاسمان و فەلەک بەدەرد ئەم ژانەوە، دەڕژێنە نێو لاپەڕەکان. هەندێ جار ئەوانەش بە دژواری دەپشکوێن و لەو شێوازە لەدایک بوونەدا هەبووە چەن ڕۆژێک بە ژانێوە بوویە.

بەڵام لە دووهەمیدا ئەگەر زوو فریای پیتەکان نەکەوی، ڕۆڵی خۆی دەگۆڕێ و دەبێتە بکوژیان. ئەویش بەو شێوەیە کە چوویە نێو جێگاکەتەوە و خەوێکی قوورس بەسەرتدا هات و جەستەت تەواو هیلاک بوو، ئاو لە کەلێن و قوژبنی پیتەکانت دەکا و دەیانڕژێنێتە تاقە گۆڕەپانەکەی مێشکتەوە و بە بەر چاوە لێکنراوەکانتدا دەیانهێنێ و دەیانبا.

ڕێک وەکوو ژانە ددان کە لە هیلاکی خەودا هێرش دەکاتە سەرت. جا هەندێ جار کە کاغەز و پێنووست لێ دوورە و تاقەتی تایپیشت نییە، هەر بە چاوە لێکنراوەکانتەوە دەست دەبەی بۆ موبایلەکەت و دوای لێدانی پەنجەمۆر یا پەسوۆردەکەت، بە چاوێکی نێوە ئاوەڵا بە دوای بەرنامە تۆمارە دەنگییەکەتدا دەگەڕێی، بەو دەنگە نزم و بێهێزەی خەواڵووییتەوە تۆماری دەکەی و دایدەخەیەوە. هەندێ جاریش خەو وەها زاڵ دەبێ بەسەرتدا کە تاقەتی ئەوەشت نامێنێ و لە مێشکتدا هەر دەیانگێڕییەوە دواوە و سەر لە نوێ پاتەیان دەکەیەوە کە ئەزبەریان کەی و بەیانی بیانووسییەوە، بەڵام هەمیشە لە ژانێکی تردا وەبیرت دێتەوە پێشتریش وەها ژانێکت تێپەڕاندووە و تەنانەت ڕووخساریشیانت بیر نەماوە و هەر لەوێدا مردوون. ئێنجا بە هۆی شینگێڕی بۆ پیتە کوژراوەکانی پێشووت، هۆشی ئەوەی نوێشت نامێنێ و ئەوانیشت لێ دەخنکێن و زامت نوێ دەبێتەوە.

جاریش هەیە کاتێکی بەتاڵی زۆرت هەیە و ناتهەوێ بە فیڕۆ بچێ و حەوسەلەی خوێندنەوەشت نییە و دادەنیشی و کاتژمێرێکی زۆر ئەو مێشکە ماڵوێرانەت دەپشکنی و یەک پیتیش نادۆزییەوە، دەڵێی گشتیان سامێکی نادیار گرتوونی و ڕایان کردووە و گۆڕەپانەکەیان چۆل کردووه و ئیتر لات وایە هەرگیز گوێت لە چرپەیان نابێتەوە.

ئاخۆ تا ئێستا هیچ بیرمەندێک نێوێکی چڕ و پڕی بۆ ئەو ژانە داڕشتووە؟ ئەگەر "نا" کە داخێکی یەکجار گرانە. ژانێکی وەها کورت و دڕ و دووڕوو کە لە چرکەساتێکدا نیوەی پیتی کتێبە لەدایک نەبووەکان لە خۆی دەهاڵێنێ و خوێنیان دەڕێژێ، کەچی تا ئێستا نەخراوەتە ژێر چاوەدێریش!

لەدایک بوونەوە...

ما را در سایت لەدایک بوونەوە دنبال می‌کنید

برچسب: نویسنده: بازدید: 117 تاريخ: پنجشنبه 28 فروردين 1399 ساعت: 23:12

صفحه بندی